ئیلام؛ ڕەحیم سادقی لە سەراوڵە و عەلیمحەممەد حەیاتی لە دێهلوڕان دەسبەسەر کران
١٣ی بەفرانبای ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی سەراوڵە و دێهلوڕان بە ناوەکانی "ڕەحیم سادقی" و "عەلیمحەممەد حەیاتی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بۆ کوردپا وتی: "ڕەحیم سادقی" هاووڵاتیی خەڵکی سەراوڵە شەوی هەینی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤ و "عەلیمحەممەد حەیاتی" هاووڵاتیی خەڵکی دێهلوڕان کە تەمەنی ٣٣ ساڵە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
پێشتر کوردپا لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاندبوو کە لە ڕۆژانی ١١ و ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤دا ٣٧ی هاووڵاتی لە شارەکانی دەرەشار، ئاودانان و دێهلوڕان دەسبەسەر کراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."