شاباد؛ مەسعوود سەهامی، لاوی کوردی شابادی، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار
٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "مەسعوود سەهامی" لاوی کوردی خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لەم شارەیە کە شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵكی شاباد، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژرا.
مەسعوود سەهامی سەرپەرستی بنەماڵە بووە و لە ڕۆنگۆڕییەکدا وەکوو شاگرد کاری کردووە.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە بنەماڵەکەی وەرگیرابێ یان ناچار بە واژۆی بەڵێننامەی نووسراو کرابێتن؛ بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانلەدەستداوانی کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیارد تمەنیان لە بنەماڵەکان داوا کردبوو و بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کرابوون.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکە، لە پێوەندی لەگەڵ گیانلەدەستداوانی شاباد، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئیزنی ناشتنی تەرمەکانیان لە گۆڕستانی ئەم شارە بە بنەماڵەکان نەداوە و ناچاریان کردوون تەرمی ئازیزەکانیان لە گوندەکانی خۆیان بە خاک بسپێرن.
هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی ژمارەیەک لە کوژراوانیان خستبووە ژێر گوشارەوە تاکوو حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بە بکەری تەقەکردنەکە بناسێنن. سەرەڕای ئەمەش، هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان لە دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانەوە بەتایبەت لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا، بە هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەی شاباد، هەوڵیان دابوو بریندارەکان دەسبەسەر بکەن. لە دوای ئەم هەوڵە، زۆربەی بنەماڵەکان، بریندارەکان یان تەنانەت گیانلەدەستداوانیش بە شێوەی نهێنی لە نەخۆشخانە بردووەتە دەرەوە تاکوو پێش بە ڕاگواستنیان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان بگرن.