شاباد؛ میلاد گەنج‌دووست، لاوی تەمەن ٢٦ ساڵانی کورد، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار کە پاش چەند ڕۆژ گیانی لەدەست دا

21:25 - 4 رێبەندان 2725

٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "میلاد گەنج‌دووست" لاوی کوردی خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لەم شارەیە کە شەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵكی شاباد و لە دەوروبەری مزگەوتی "ئیمام حوسێن"ی شاباد، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار کرابوو پاش چەند ڕۆژ بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ ئەم هاووڵاتییە لاوە پاش برینداربوون، سەرەڕای خراپبوونی دۆخی جەستەیی، چەند ڕۆژ دواتر گیانی لەدەست داوە.

تەرمی ناوبراو ڕۆژی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گوندی "سەیدئەیاز" سەر بە شاری گیەڵان لە کرماشان بە خاک سپێردراوە.

هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە بنەماڵەکەی وەرگیرابێ یان ناچار بە واژۆی بەڵێننامەی نووسراو کرابێتن؛ بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانلەدەستداوانی کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیارد تمەنیان لە بنەماڵەکان داوا کردبوو و بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کرابوون.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکە، لە پێوەندی لەگەڵ گیانلەدەستداوانی شاباد، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ناوەندە ئەمنییەتییەکان ئیزنی ناشتنی تەرمەکانیان لە گۆڕستانی ئەم شارە بە بنەماڵەکان نەداوە و ناچاریان کردوون تەرمی ئازیزەکانیان لە گوندەکانی خۆیان بە خاک بسپێرن.

هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی ژمارەیەک لە کوژراوانیان خستبووە ژێر گوشارەوە تاکوو حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بە بکەری تەقەکردنەکە بناسێنن. سەرەڕای ئەمەش، ‌هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان لە دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانەوە بەتایبەت لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا، بە هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەی شاباد، هەوڵیان دابوو بریندارەکان دەسبەسەر بکەن. لە دوای ئەم هەوڵە، زۆربەی بنەماڵەکان، بریندارەکان یان تەنانەت گیانلەدەستداوانیش بە شێوەی نهێنی لە نەخۆشخانە بردووەتە دەرەوە تاکوو پێش بە ڕاگواستنیان بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان بگرن.