شاباد؛ ڕەزا دەرویشی، لاوی تەمەن ٢٧ ساڵانی کورد، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار
٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "ڕەزا دەرویشی" لاوی تەمەن ٢٧ سالانی کوردی خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لەم شارەیە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ "ڕەزا دەرویشی" لاوی تەمەن ٢٧ ساڵانی کوردی خەڵکی شاباد شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاباد و لە دەوروبەری مزگەوتی "ئیمام حوسێن" بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
تەرمی ناوبراو ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک و بە دروشمی "شەهیدی ڕێگای ئازادی" بە خاک سپێردراوە.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە بنەماڵەکەی وەرگیرابێ یان ناچار بە واژۆی بەڵێننامەی نووسراو کرابێتن؛ بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانلەدەستداوانی کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیارد تمەنیان لە بنەماڵەکان داوا کردبوو و بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کرابوون.