کرماشان؛ محەممەد جەعفەری، لاوی کوردی کرماشانی، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار
٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "محەممەد جەعفەری" لاوی کوردی کرماشانی، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لەم شارەیە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتی؛ "محەممەد جەعفەری" هاووڵاتیی تەمەن ٤١ ساڵانی خەڵکی کرماشان، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرماشان لە شەقامی "گوڵ سورخ"، بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
"محەممەد جەعفەری" کوڕی حوسێن و خێزاندار بووە. تەرمی ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە گۆڕستانی "بەهەشت زەهرا"ی کرماشان بە خاک سپێردرا.
هێشتا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی پارەیەک لە بنەماڵەکەی وەرگیرابێ یان ناچار بە واژۆی بەڵێننامەی نووسراو کرابێتن؛ بەم حاڵەوە پێشتر چەند سەرچاوەیەک بە کوردپایان وتبوو کە ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانلەدەستداوانی کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ میلیۆن هەتا یەک میلیارد تمەنیان لە بنەماڵەکان داوا کردبوو و بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان ناچار بە پێبژاردنی ئەم بڕە پارەیە کرابوون.