تاران؛ ۱۷ ڕۆژ دەسبەسەرکران، ناڕوونیی چارەنووس و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لە سینا کیانی، لاوی کوردی یارسان

21:07 - 4 رێبەندان 2725

٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "سینا کیانی" لاوی کوردی یارسانی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، هیچ چەشنە زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و دۆخی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. بنەماڵەکەی ئەم لاوە ٢١ ساڵانە ڕایانگەیاندووە کە دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراویان لە کاناڵە حکوومەتییەکانی پلاتفۆرمی "ڕوبیکا" بینیوە و بەسەختی نیگەرانی گیان، دۆخی جەستەیی و دەروونی، ڕەوتی دادڕەسیی نادادپەروەرانە و ئەگەری دەرکردنی حوکمی قورس دژی ناوبراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ "سینا کیانی" تەمەن ٢١ ساڵان و کوردی یارسانی خەڵکی کرماشانە و کرێکارە و دانیشتووی تارانە، ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە بی بەڵگەی یاسایی و بەشێوەی تەواو سەرەڕۆییانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ئەم سەرچاوەیە جەختی کردەوە کە بنەماڵەی سینا پاش دەسبەسەرکرانی ناوبراو، هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی منداڵەکەیان دەست نەکەوتووە و تەنیا لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێ لە کاناڵە حکوومەتییەکان لە پلاتفۆرمی "ڕوبیکا" سەبارەت بە دۆخی زانیارییان دەست کەوتووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە: لەو ماوەیەدا، سینا کیانی هیچ چەشنە پێوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و هیچ ناوەندێکی ئەمنییەتی یان دادوەری وڵامدەری دۆخی ناوبراو نەبووە. بنەماڵەی ئەم لاوە کوردە یارسانە، بەجییدی نیگەرانی گیانی ئەو، سێناریۆسازییە ئەمنییەتییەکان و ئەگەری دەرکردنی حوکمی قورس دژی ناوبراون.