سنە؛ پەیامە هەڕەشەئامێزەکان بۆ هاووڵاتییان: چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شوێنە گشتییەکان تاوانە
١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ لە درێژەی سەرکوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان و زاڵکردنی کەشی ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، هاوکات لەگەڵ دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، کورتەنامەی هەڕەشەئامێز بۆ هاووڵاتییان نێردراوە. لەم پەیامانەدا هەر چەشنە "چالاکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و شوێنی گشتی" وەکوو "هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللی و تێکدانی نەزمی گشتی" پێناسە کراوە کە سزای بۆ هاووڵاتییان بەدواوە دەبێ.
بەپێی دەقی وێنەکانی ئەم کورتەنامانە کە بە کوردپا گەیشتوون؛ "جێگرایەتیی کۆمەڵایەتی و پێشگرتن لە تاوانەکانی دادگوستەریی گشتیی پارێزگای سنە" ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانبار بە ناردنی کورتەنامە لەژێر ناوی "وەبیرهێنانەوە و هشداریدان" بە هاووڵاتییانی ڕاگەیاندووە: "بەپێی چاوەدێریکردنی چالاکییەکانی ئێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شوێنە گشتییەکان، ئەم پەیامە هۆشدارییەکی جیددیە؛ بۆیە هەرچەشنە چالاکییەک بە ئامانجی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللی و هەر چەشنە کردارێک کە ببێتە هۆی تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتیی هاووڵاتییان، وەکوو تاوان دەناسرێت و سزای بەدواوە دەبێت.