مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئارام جەمشیدوون و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار

12:01 - 17 سەرماوەز 2725

١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ "ئارام جەمشیدوون" هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم هاووڵاتییە خەڵكی گوندی "قەرەداغ" سەر بە شاری مەهابادە کە کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیاییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."