ورمێ؛ حەمید چەپاتی لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا بە مەودای هەزار میتر لە بەندیخانە ئازاد کرا

11:53 - 17 سەرماوەز 2725

ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤، حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی خەڵكی ورمێ پاش تێپەڕاندنی سێ مانگ لە شەش مانگ حوکمەکەی، لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا بە مەودای هەزار میتر لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ حەمید باقی ماوەی حوکمەکەی لە دەرەوەی بەندیخانە و لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا بە مەودای هەزار میتر تێدەپەڕێنێ.

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٤، حەمید چەپاتی پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرا.

حەمید چەپاتی لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێوە بە شەش مانگ بەندکران سزا درا و ئەم بڕیارە لە ڕۆژی ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ساریخانلوو جێگری دادستانی گشتی و ئینقلابی ورمێ بە نیسبەت بڕیاری دادگای سەرەتایی ئەم چالاکە کوردە ناڕەزایەتیی دەربڕی و پاش ڕادەستکردنی دۆسییەکە بۆ دادگای پێداچوونەوە، سزای بەندکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو گۆڕدرا.

پێشتر، حەمید چەپاتی لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شاهینی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی ئەو چالاکە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو بوو و لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندان حوکمی دادگای سەرەتایی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، حەمید چەپاتی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی ورمێ، پاش تێگەیاندنی لە تۆمەتی وەپاڵدراو، لە بەشی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم چالاکە مەدەنییە پاش بانگکران بۆ پۆلیسی ئەمنییەت بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتی ڕەخنەگرانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەسبەسەر کرا.