بەندیخانەی مەهاباد؛ عەبدولهادی شێخەپوور بە ڕاوەستانی دڵ بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لەدەست دا
سەرماوەزی ١٤٠٤؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی مەهاباد بە ناوی "عەبدولهادی شێخەپوور"، خەڵکی سەردەشت کە خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی ١٣ ساڵ حوکمەکەی بوو، بە هۆی "ڕاوەستانی دڵ" و لە ئاکامی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ عەبدولهادی شێخەپوور سێ ڕۆژ پیش گیانلەدەستدانی، بە هۆی ئێشی توندی سینگ، بەشێوەی بەردەوام سەردانی بێهداریی بەندیخانەی کردووە، بەڵام بە بێ هیچ جۆرە پیڕاگەیشتنێک، گەڕێندراوەتەوە بۆ بەند. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ڕۆژی سێهەمدا، تەنانەت زەختی خوێنێ گەیشتووەتە ٧ و توانای هەستان لەسەر تەختەکەی نەبووە، بەڵام دیسان بەرەوڕووی سەرنجنەدان و پێڕانەگەیشتن دەبێتەوە و لە کۆتاییدا ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤، بەهۆی ڕاوەستانی دڵ گیانی لەدەست دەدات.
عەبدولهادی شێخەپوور، خەڵکی گوندی "کوڵەسەی خواروو" و دانیشتووی سەردەشت بووە و دوو کوڕی هەیە.
ناوبراو لە ١٣ ساڵ پێش ئێستاوە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە "ماددەی هۆشبەر" و "دارایی" دەسبەسەر کرا و بە بەندکران سزا درا؛ دۆسییەی "ماددە هۆشبەرەکان"ی ناوبراو کۆتایی پێ هات و تەنیا بەشێک لە بەندکرانەکەی کە تایبەت بە تاوانە داراییەکە بوو، مابوویەوە.
ناوەندگەلێکی وەکوو ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران (CHRI) ڕاپۆرتیان داوە کە بەرپرسانی ئێران چەندین جار دەستڕاگەیشتنی بەندکراوان بە پێڕاگەیشتنی پزیشکیی پێویستیان ڕەت کردووەتەوە یان دوایان خستوون و ئەمەش مەرگ و خراپتربوونی دۆخی نەخۆشەکانی لێ کەوتووەتەوە کە ئەم ڕەوتەیان "گەڵاڵەکراو" دژی بەندکراوانی سیاسی و کەمینەکان ناو بردووە.
هەروەها لێبوردنی نێونەتەوەیی دەڵێ، ناوەندە دەرمانییەکانی نێو بەندیخانەکان ناتەواو و کەم ئیمکاناتن و کەرەستەی پسپۆڕییان تێدا نییە و ئەو بەندکراوانەی کە پێویستیان بە پێڕاگەیشتنی جیددی هەیە، دەبێ بچنە دەرەوە بەڵام ڕاناگوازرێن.