ئاودانان؛ دەسبەسەرکرانی توندوتیژ و ناڕوونیی چارەنووسی سوهەیل پاکڕەزان، ئیلیا ئیمانی و حوسێن حاجیان
۲۶ی سەرماوەزی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژی چوار لاوی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی «سوهەیل پاکڕەزان»، «ئیلیا ئیمانی» و «حوسێن حاجیان» کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران، سەبارەت بە چارەنوووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ «سوهەیل پاکڕەزان»، «ئیلیا ئیمانی» و «حوسێن حاجیان» کوڕی یەدوڵڵا و خەڵکی ئاودانان، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەی ١٤٠٤، بەشێوەی توندوتیژ و بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران و سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."