شاباد؛ دەسبەسەرکرانی ئومید باقری وێنەگر و چالاکی مەدەنیی کورد و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار
دوانیوەڕۆی یەکشەممه ۲۳ سەرماوەزی ۱۴۰۴، «ئومید باقری» وێنەگر، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە ئەم وێنەگرە ۳۷ ساڵەیە لە رێگەی کرماشان–پاوه لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوه و بە تێپەڕبوونی چەند کاتژمێر لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ناوبراو، زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە پێوەندی لەگەڵ بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ۱۴۰۳ و وێنەگرتن لە ڕێوڕەسمە فەرهەنگیییەکان دەسبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» دۆسییەی ئەمنییەتییەکان بۆ کردووەتەوە.
«ئومید باقری» لە بواری وێنەگرتن، چالاکییە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکانی پێشینەی دەسبەسەرکرانی هەیە و لە چالاکانی خۆشناو و ناسراوی کرماشانە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەم چوار هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."