٣ دەسبەسەرکران لە شنۆ؛ شاهۆ ئیبراهیمی (برای زیندانیی سیاسی)، شەفیع ئەحمەدی و سراج ئێلیاسیی ۱۶ ساڵە
۲۳ی سەرماوەزی ۱۴۰۴؛ لە ماوەی ۲۴ کاتژمێردا، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ به ناوەکانی «شاهۆ ئیبراهیمی»، «شەفیع ئەحمەدی» و «سراج ئێلیاسی»ی ۱۶ ساڵه، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. «شاهۆ ئیبراهیمی» برای «شوانه ئیبراهیمی» زیندانیی سیاسییە که ۱۱ ڕۆژ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، «شاهۆ ئیبراهیمی» هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ئاڵکاوێ»ی شنۆ، ڕۆژی یەکشەممه ۲۲ ی سەرماوەزی ۱۴۰۴ پاش ئەوەی کە بە بیانووی سەردانکردنی «جەهادی کشاوەرزی» بانگی ئەم ناوەندە کرابوو، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە
و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزراوە. ناوبراو برای «شوانه ئیبراهیمی» زیندانیی سیاسییە که سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممه ۱۳ی سەرماوەزی ۱۴۰۴، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە گوندی «ئاڵکاوێ»، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و چارەنووسی ناڕوونە.
سەرچاوەکانی کوردپا جەختیان کردەوە؛ یەکشەممه ۲۲ ی سەرماوەزی ۱۴۰۴، «شەفیع ئەحمەدی» خەڵکی گوندی «باڵاگیر»ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزرا.
پێشتر کوردپا ڕایگەیاندبوو که سەرلەبەیانیی یەکشەممه ۲۳ ی سەرماوەزی ۱۴۰۴، «سراج ئێلیاسی» میرمنداڵی خەڵکی گوندی « ئاسناوێ"ی شنۆ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. بە پێی زانیارییەکانی کوردپا ناوبراو تەمەنی ١٦ ساڵە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و چارەنووسی ئەم سێ هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."