سەقز؛ دۆسییەسازیی دادوەری-ئەمنییەتیی نوێ بە تۆمەتی «تێکدانی نەزمی گشتی» دژی سێ چالاکی سێنفیی مامۆستایان لە درێژەی ساڵانیک سەرکوتدا
۲۲ی سەرماوەزی ۱۴۰۴؛ لە ڕاستای بەردەوامیی سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیکی چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە کوردستان، ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی شاری سەقز دەستیان به دۆسییەسازیی نوێ دژی سێ ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان به ناوەکانی «تاهیر قادرزاده»، «ئەحمەد قادری» و «سلێمان عەبدی» کردووە. لە ئاخرین هەوڵیاندا، ئیتلاعاتی سەقز دەستی بە بانگکردن و لێپرسینەوە لەم کەسانە کردووە و دوابەدوای ئەوەش دادگوستەریی سەقز لەسەر سکاڵای دادستان، سکاڵای لە دژی ئەم سێ کەسە تۆمار کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە لە نێوەڕاستەکانی مانگی سەرماوەزی ۱۴۰۴دا، ئەم سێ چالاکە سێنفییە سەرەتا لەلایەن ئیتلاعاتی سەقزەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە. دواتریش بە سکاڵای دادستان، بە تۆمەتی «تێکدانی نەزمی و ئاسایشی گشتی» لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز دۆسییەیان بۆ کراوەتەوە.
ئێستا دۆسییەکان لە قۆناغی لێپرسینەوەدان و ئەم چالاکانە چاوەڕێی بڕیاریی دادوەری لەسەر بنەمای دەرکردنی بڕیاری ڕاگرتنی بەدواداچوون یان ڕادەستکردنی دۆسییەکەیان بۆ دادگان. هەر لەم پێوەندییەدا هاتووە کە لە دۆسییەی "تاهیر قادرزاده"دا، بڕیاری ڕاگرتنی بەداداچوون نەدراوە و بەدواداچوونی دادوەریی ناوبراو هەر بەردەوامە.
ئەم گوشارە ئەمنییەتی و داوەرییانە لەکاتێکدان کە ئەم کەسانە لە چالاکانی ناسراوی سێنفی مامۆستایانن و ساڵانێکە لە چوارچێوەی چالاکیی مەدەنیدا، بۆ دەستەبەرکردنی "دادپەروەریی کۆمەڵایەتی" و "پەروەردە بە زمانی دایکی" هەوڵ دەدەن.
پێشینەی ئەم دۆسییەسازییانە لە مانگەکانی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە و ئەم کەسانە چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، "تاهیر قادرزادە" لە سەرەتاکانی هاوینی ١٤٠٤ دا بانگی ئیتلاعات کرابوون و سەبارەت بە چالاکییە سێنفییەکانیان لێپرسینەوەیان لێ کراوە. هەروەها "ئەحمەد قادری" لە پووشپەڕی ١٤٠٤ بانگ کراوە و بە هۆی چالاکییە سێنفییەکانی، کەوتووەتە ژێر گوشاری لێپرسینەوە. "سلێمان عەبدی"یش لە کۆتاییەکانی پاییزی ١٤٠٤دا بانگ کراوە و بە هۆی چالاکییە سێنفییەکانی لێپرسینەوەی توندی لێ کراوە. بنەمای هەموو ئەم لێپرسینەوانە، تۆمەتی وەپاڵدراوی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بووە.
سەرکوتکارییەکان دژی ئەم سێ چالاکە نیشاندەری ڕەوتێکی سیستماتیک و ڕێکخراوە؛ سلێمان عەبدی، تاهیر قادرزادە و ئەحمەد قادری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ دۆسییەسازیی جۆراوجۆر، دەسبەسەرکرانی کاتی، دەرکردنی بڕیاری بەندکران و قامچی و هەروەها سزای ئیداری لەوانە خانەنشینکرانی زۆرەملێ و کەمکردنەوەی گرووپی کاری بەرەوڕوو بوونەتەوە.
سلێمان عەبدی، تاهیر قادرزاده و ئەحمەد قادری، سێ چالاکی سێنفیی مامۆستایانی سەقز، لەم ساڵانەی دواییدا کراونەتە ئامانجی سەرکوتی سیستماتیک. ئەم گوشارانە که بە دەسبەسەرکران و دەرچوونی حوکمی بەندکران و قامچی دەستیان پێ کرد و بە حوکمی «خانەنشینکرانی زۆرەملێ و کەمکردنەوەی گرووپ» ژیانیانی کردە ئامانج و ئێستا لە کۆتایی ساڵی ١٤٠٤دا بە کردنەوەی دۆسییەی کەیفەریی نوێ چوونەتە قۆناغێکی نوێی هەڵسوکەوتە ئەمنییەتییەکانەوە.