ورمێ؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی فەرزاد گەلەبان

19:09 - 12 سەرماوەز 2725

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەک بە ناوی "فەرزاد (نەجمەدین) گەلەبان" خەڵکی گوندی "کەریم ئاوا" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ و دانیشتووی گوندی "وەلندەی خواروو" سەر بە ورمێ، سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تاکوو ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ‌ئاکام بووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کرد و دواتر بە هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی کەسیشیدا گرت.

فەرزاد گەلەبان بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزراوە و تاکوو ئێستا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی فەرزاد گەلەبان زانیارییەک دەست نەکەوتووە.