نەغەدە؛ دەسبەسەرکرانی توندوتیژانە، تێکدانی ماڵ و ناڕوونیی چارەنووسی مەحموود خودادادی و هێمن ڕەحیمی
٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژی دوو هاووڵاتیی خەڵکی نەغەدە بە ناوەکانی "مەحموود خودادادی" و "هێمن ڕەحیمی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنوویان لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە پێنج ماشینی ئەم ناوەندە (کە یەکێکیان پلاکی پیرانشاری بوو) هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کارەکەی "مەحموود خودادادی" لە مارکێتی "تەبیعەت" کە لە بەرانبەر مزگەوتی "بیلالی حەبەشی" هەڵکەوتووە و بە بێ بەڵگەی یاسایی، بە توندوتیژییەوە و بە بەستنی چاوەکانی دەسبەسەریان کردووە.
پاش دەسبەسەرکردنی "مەحموود خودادادی"، هێزە ئەمنییەتییەکان هەر بەو پێنج ماشینە هێرشیان کردووەتە سەر ساندویچیی "هێمن ڕەحیمی" لە سێڕێیانی پیرانشار و ئەویشیان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە لێدان و توندوتیژی دەسبەسەر کردووە.
هێزە ئەمنییەتییەکان دواتر هێمنیان بردووەتەوە بۆ ماڵەکەی و پاش پشکنینی ماڵەکەی و تێکدانی، بە شێوەی سەرەڕۆیانە ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.
لەم هەوڵەدا هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "مەحموود خوادادادی"ش و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە.
سەرەڕای ئەوەی کە هیچ شتێکی نایاسایی لەم پشکنینەدا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان خەسارێکی ماڵیی قورسیان بە کەلوپەلەکانی ناو ماڵەکان گەیاندووە. سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و شوێنی ڕاگیران و دۆخیان لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتیەکان لەمبارەوە بێدەنگییان ڕاگرتووە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."