پاوە؛ ژیوار ڕەحمانی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ بە هۆی بەرکەوتنی ٦ فیشەکی هێزە حکوومەتییەکان بەسەختی بریندار بوو
ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوزەی ١٤٠٤، مێرمنداڵێک بە ناوی "ژیوار ڕەحمانی" تەمەن ١٧ ساڵ و کوڕی سەعدی، خەڵکی گوندی "نیسانە" سەر بە پاوە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو کەوتووەتە بەر ڕەگباری هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و بەسەختی بریندار بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ گەشتی پاسگای "مەلاندەر" ئەم مێرمنداڵەیان لە ڕێگای پاوە – نەوسوود و لە نزیک ئەم پاسگایە بە گومانی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ لەنێو ماشینەکەی خۆیدا و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو کەوتووەتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ژیوار ڕەحمانی لەم ڕووداوەدا بەو هۆیەوە کە فیشەک بەر شان و پشتی کەوتووە بەەسەختی بریندار بووە و ١٨ فیشەکیش بەر ماشینەکەی کەتووە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ماشینی ژیوار لە کاتی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان و برینداربوونی خۆیدا، وەرگەڕاوە.
ئەم سەرچاوەیە دەڵێ: ئەم مێرمنداڵە تەمەن ١٧ ساڵە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان کراوە و بە هۆی خوێنڕێژیی سییەکانی و بەرکەوتنی فیشەک لە نوخاعی لە دۆخێکی ناجێگیردایە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پزیشکەکان پاش کۆتاییهاتنی خوێنڕێژیی سییەکانی توانیویانە نەشتەرگەریی بۆ بکەن.
ڕەگبارکردنی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لەم مێرمنداڵە لەکاتێکدایە کە ناوبراو هیچ چەشنە کاڵایەکی قاچاخی پێ نەبووە و بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هیچ پێشینەیەکی کاسبکاری و کۆڵبەریشی نەبووە.