بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی سمکۆ یووسفی، وانەبێژی زمانی کوردی و چالاکی مەدەنی
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤، سمکۆ یووسفی، وانەبێژی زمانی کوردی و چالاکی مەدەنیی خەڵکی بۆکان، بە شێوەی توندوتیژانە لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە مەدەنییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە بە شێوەی توندوتیژ و بە لێدان، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە زۆر سواری ماشین کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە هۆکارەکانی دسبەرکران و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان وڵامێكی ڕوونیان لەمبارەوە نەداوەتەوە.
سمکۆ یووسفی لە مانگەکانی ڕابردوودا جارێکی دیکە دەسبەسەر کرابوو؛ ناوبراو سەرلەبەیانیی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە "میراوێ"ی بۆکان دەسبەسەر کرابوو و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.