بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی ئومید بادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و ناڕوونیی چارەنووسی
ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤، ئومید بادی، وێنەگر و فیلمهەڵگری خەڵكی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی لە گەڕەکی "عەلیاوا"ی بۆکان دەسبەسەر کردووە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە: ئومید بادی هەروەها کاری چاککردنەوە و فرۆشتنی پێداویستییەکانی فیلمهەڵگری دەکات و هێزە ئەمنییەتییەکان زۆربەی کەلوپەلەکەی ناوبراویان لە شوێنی کارەکەی هەڵ گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.
ئومید بادی دانیشتووی گەڕەکی "مەجبوورئاوای" بۆکانە، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.