ژمارەی لەسێدارەدراوان لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گەیشتە دوو کەس؛ هاوڕێ جیهان‌ئارا لە سێدارە درا

19:28 - 18 خەزەڵوەر 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی "هاوڕێ جیهان‌ئارا" خەڵكی شاری سەردەشت، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا. بەهەژماردەکردنی ئەم بەندکراوەوە، ژمارەی لەسێدارەدراوانی بەندیخانەی ورمێ لەم ڕۆژەدا گەیشتە دوو کەس.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە کوردە دوو ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پێوندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

هاوڕێ جیهان‌ئارا خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سزای سێدارەی شەمسەدین (شەهاب) عەباسی کای، بەندکراوی کوردی خەڵکی گوندی "کای" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.