بەردەوامیی دەسبەسەرکران؛ ناڕوونیی چارەنووسی ڕامین محەممەدی و محەممەد دەشتی درێژەی هەیە

17:42 - 7 سەرماوەز 2725

٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "رامین محەممەدی"  و"محەممەد دەشتی" خەڵکی گوندی "ئەڵک" سەر بە شاری کامێران، هێشتا دەسبەسەرن و تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکرانیانەوە تاکوو ئێستا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند: سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە، هیچ یەک لە ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان وڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە دۆخیان نەداوەتەوە.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: ناڕوونیی چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە زۆربوونەوەی نیگەرانییەکانی بنەماڵە و نزیکەکانی ئەم دوو کەسەیان بەدواوە بووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، ڕامین محەممەدی و محەممەد دەشتی بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

محەممەد دەشتی تەمەن ٣٣ ساڵ، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. هەروەها ڕامین محەممەدی تەمەنی ٣٢ ساڵە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.