بانە؛ بەردەوامیی دەسبەسەر کران و ناڕوونیی چارەنووسی مستەفا قەوسی و محەممەد ڕەشیدزادە

17:41 - 7 سەرماوەز 2725

٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیک بە دوو حەفتە لە کاتی دەسبەسەرکرانی مستەفا قەوسی و محەممەد ڕەشیدزادە، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بانە سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراون و تاکوو ئێستا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە سەبارەت بە ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسیان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە دانەوەی هەر وڵامێکی ڕوون لەم پێوەندییەدا خۆیان بواردووە.

ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ڕێگەی پیرانشارـ مەهاباد و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

مستەفا قەوسی خێزاندارە و منداڵێکی هەیە و خەڵکی گوندی "ساوان" سەر بە شاری بانەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی مستەفا قەوسی و محەممەد ڕەشیدزادە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.