بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی پوویا حەبیبی، چالاکی ژینگەپارێز لە سنە
سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٠ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی پوویا حەبیبی، چالاکی ژینگەپارێز و ئەندامی ئەنجومەنی "جەمعیەت سەوزی کوردستان" سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە ڕێکەوتی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ بە بێ بەڵگەی دادوەری لە شوێنی کارەکەی لە سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی حەبیبی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: ئەم چالاکە ژیگەپارێزە لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تاکوو ئێستا لە دستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی پوویا حەبیبی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.