بانە؛ چوار ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی هێمن خورشیدی

04:03 - 30 خەزەڵوەر 2725

٢٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هێمن خورشیدی، هاووڵاتیی خەڵکی بانە، سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هێمن خورشیدی هاووڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی بانە، لە شوێنی کارەکەی خۆی و بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ هیچ زانیارییەک لە دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

ئەم سەرچاوەیە وتی؛ هێمن خورشیدی لە شوێنی کارەکەی، لە یەکێک لە کافە سونەتییەکانی بانە، بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراوە و کەسانی نزیک و بنەماڵەکەی کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە کە لە بەمیدیاییکردنی هەواڵی دەسبەسەرکرانی خۆ ببوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو ناڕوونە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە. هەروەها سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ، ناوبراو لە مافی پێوەندیگرتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.