سنە؛ هێرش ناوگرانزادە، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٦ مانگ بەندکران ڕەوانەی بەندیخانە کرا

03:25 - 27 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هێرش ناوگرانزادە، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە وردەکارییەکانی سزاکە و دەسبەسەرکرانی هێرش ڕایگەیاند؛ هێرش  هێرش ناوگرانزادە لە هاوینی ساڵی ١٤٠٤دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفا عەزیزی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرابوو. ناوبراو لە یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا بە شێوەی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش نزیکەی ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران، سەرەتاکانی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ نیشاندەری ڕەوانەکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ بەندیخانە بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکەی و کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و بەندکراوانی سیاسیی پێشووی سنەیە. لە یەکێک لەم ڤیدیۆیانەدا، هێرش وێڕای سپاسگوزاری لە ئامادەبووان، بیرەوەرییەکی لە کاتی یارمەتیدانی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان لەلایەن خەڵکی سنەوە دەگێڕێتەوە. ناوبراو دەڵێ؛ لەو کاتەدا کە هەندێ لە ئامادەبووانیش هەبوون، حوکمی دسبەسەرکرانی یەکێک لە بەندکراوانی سیاسیی کرماشان کە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو هاتوو، دەرچووبوو و دەبوو بۆ جێبەجێکرانی حوکمەکەی خۆی بناسێنی. کاتێک خاوەندی سەنەدەکە پێوەندیی لەگەڵ گرت وتی: "ئێستا زانیم کرماشان دڵی کوردستانە و لێرە ناڕۆم". منیش پێم خۆشە بزانن کە سوێند بە خاکی کوردستان، ئەگەر تەنانەت بارمتە و کەفالەتێک لە گرێودا نەبایە، بە یەک تلفۆن خۆم ڕادەست دەکرد، چونکە ئێرە خاکی منە و من دەرەقەتی هەموو گوشار و سەختییەک هاتووم و هیچکات لەم شتانە ناترسم. ئیرادەم ئەوەندە بەرزە کە چ لە بەندیخانە بم و چ لە دەرەوە، هەر بەردەوام دەبم. ئێمە یارمەتیی منداڵانی بێسەرپەرستمان دەدا و داوامان لە پزیشکە بەشەرەفەکان کرد کە داوای بەرتیل لە خەڵک نەکەن؛ ئەمە کاری ئێمە بوو."

هێرش  هێرش ناوگرانزادە لە درێژەدا وتی؛ "سپاسی یەک بە یەکی ئێوە دەکەم. هیوادارم ڕۆژێ خەڵکی نیشتمانەکەم ئەوەندە لە ئاسایشدا بن کە دەرگای دادگاکان ساڵ بە ساڵ نەکرێتەوە و بەندیخانە و بەندکراو ببنە ئەفسانە. بژین و سپاستان ئەکەم."

پێشتر کوردپا ڕاپۆرتی بڵاو کردبووەوە کە لە یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا، هێرش  هێرش ناوگرانزادە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو. ناوبراو ئەندامی کەمپەینی "پێشگرتن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی" بووە و لەم پێوەندییەدا دەسبەسەر کراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە تەمەنی ٤٠ ساڵە، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. ناوبراو لە ساڵی ١٣٨٦دا بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کراوە و بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.