گرتنگەکانی سنە؛ درێژەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی چیاکۆ ڕەزایی و ئازاد حاجی میرزایی سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند حەفتە
٢٣ی خەزەڵوەری ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبووی چەند حەفتە لە دەسبەسەرکرانی چیاکۆ ڕەزایی، قارەمانی وەرزشە ڕەزمییەکان و ئازاد حاجی میرزایی چالاکی مەدەنی کە هەردووکیان لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادین، هەردووکیان بە بێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و سەرەڕای دیاریکردنی بڕیاری پێشووی ئازادی، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕاگیراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٧٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی چیاکۆ ڕەزایی و ٢٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئازاد حاجی میرزایی، و سەرەڕای دانی بڕیاری ئازادییان لە کاتی دیاریکراو، ئەم دوو کەسە هێشتا لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەدان و لێپرسینەوەیان لێ دەکرێ.
کوردپا پێشتر ڕایگەیاندبوو؛ ۱۵ ی خەرمانانی ۱۴۰۴، چیا ڕەزایی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە و قارەمانی وەرزشی تێکەڵاوی (MMA) لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. ناوبراو پێشتر چەند جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگ و دەسبەسەر کراوە و پێشینەی ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا هەیە. ناوبراو خەڵکی گوندی باوەرێز و ڕاهێنەری باشگاکانی "گلادیاتۆر" لە سنە و "باوەرێز" لە گوندی باوەرێزە.
هەروەها کوردپا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤، "ئازاد حاجی میرزایی" چالاکی مەدەنی و لە دەسبەسەرکراوانی ژن، ژیان، ئازادی، خەڵکی گوندی "باوەرێز" سەر بە شاری سنە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
ناوبراو کە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە، لە ماوەی چەند جار دەسبەسەرکرانیدا کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوە و بە شێوەی کاتی بە دانانی بارمتە یان پڕکردنەوەی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراوە.
تاکوو ئێستا هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە ناڕوونە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بە بنەماڵەکانیان نەداوە. هەروەها ئەم دوو هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان بێبەری کراون.