شەمسەدین عەباسی کای و عەلی کەریمی لە بەندیخانەکانی ورمێ و کرماشان لە سێدارە دران
سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سزای سێدارەی شەمسەدین (شەهاب) عەباسی کای، بەندکراوی کوردی خەڵکی گوندی "کای" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.
ئەم بەندکراوە ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ پاش ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.
ئەم بەندکراوە کوردە نزیکەی دوو ساڵ پیش ئێستا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.
هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سزای سێدارەی عەلی کەریمی، بەندکراوی کوردی خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.
ئەم بەندکراوە تەمەن ٤٢ ساڵە، شەش ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لە شەڕێکی بەکۆمەڵدا لە بەشی سەرفیرووزئابادی کرماشان دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.
تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم دوو بەندکراوە کوردە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.