پیرانشار؛ شوانە خزرنژاد، ئەحەد خزرنژاد و ئومید خزرنژاد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزران

07:38 - 23 خەزەڵوەر 2725

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شوانە خزرنژاد" کوڕی موراد، "ئەحەد خزرنژاد" کوڕی سلێمان و "ئومید خزرنژاد" کوڕی فەتاح خەڵکی گوندی "گردەبن" سەر بە شاری پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزران.

ئەم سێ هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" هەرکامیان بە سێ ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوون.

ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ئەم سێ هاووڵاتییە هەرکامیان بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کران.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، شوانە خزرنژاد و ئەحەد خزرنژاد بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هەروەها ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، ئومید خزرنژاد پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی پیرانشار دەسبەسەر کرا.

ئەم سێ هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرابوون.