کامێران؛ بە دەسبەسەرکرانی محەممەد دەشتی، ژمارەی دەسبەسەرکراوان گەیشتە دوو کەس

07:30 - 23 خەزەڵوەر 2725

١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤؛ بە دەسبەسەرکرانی محەممەد دەشتی، هاووڵاتیی خەڵكی کامێران، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی گوندی "ئەڵک" لەم شارە گەیشتە دوو کەس. پێشتر کوردپا هەواڵی دەسبەسەرکرانی ڕامین محەممەدیشی بڵاو کردبووەوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "ڕامین محەممەدی" و "محەممەد دەشتی" خەڵکی گوندی "ئەڵک" سەر بە شاری کامێران، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

ئەم دوو هاووڵاتییە لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

محەممەد دەشتی تەمەن ٣٣ ساڵ، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. هەروەها ڕامین محەممەدی تەمەنی ٣٢ ساڵە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.