ژمارەی لەسێدارەدراوانی بەندیخانەی ورمێ گەیشتە سێ کەس

04:39 - 23 خەزەڵوەر 2725

سەرلەبەیانیی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی "مێهدی جەعفەرزادە" خەڵکی ورمێ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا. بە هەژمارکردنی ئەم بەندکراوە ژمارەی لەسێدارەدانەکان لەم ڕۆژەدا گەیشتە سێ کەس.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە تورکە ساڵی ١٣٩٨ بە تۆمەتی پێوەندیدار بە "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان یان میدیا نێوخۆییەکانەوە ڕانەگەیەندراوە.

هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی "ڕەزا مەولایی" تەمەن ٤٨ ساڵ کوڕی غوڵامحوسێن خەڵکی گوندی "قۆلنجی" سەر بە بەشی ئەنزەلی ورمێ و "محەممەدڕەزا بەدەوی" ٤٧ ساڵ و کوڕی شەریف خەڵکی گوندی "کەوسی" سەر بە بەشی نازلووی ورمێ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.