شنۆ؛ یاسر شەریفیان، ڕەشید فەقێزادە و ئومید ئیبراهیمی بە بەندکران سزا دران

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "یاسر شەریفیان"، "ڕەشید فەقێزادە" و "ئومید ئیبراهیمی" خەڵکی شنۆ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە سەرجەم بە ١٠ ساڵ بە بەندکران سزا دران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئومید ئیبراهیمی بە تۆمەتەکانی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو، یاسر شەریفیان بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام، هەڵگرتنی چەکی سەرپڕ و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە چوار ساڵ بەندکرانی داسەپاو و ڕەشید فەقێزادە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا دراون.
ئەم سزایانە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەم سێ هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم سێ هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردوون.
ئەم سێ هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرابوون و بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوون.