بەندیخانەی نەغەدە؛ ٢٣٤ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی محەممەد سۆهرابی، بەندکراوی سیاسی و دەسبەسەرکراوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

03:51 - 20 خەرمانان 2725

١٩ی خەرمانانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٣٤ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی دووبارەی محەممەد سۆهرابی، بەندکراوی سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ناوبراو هیشتا لە بەندیخانەی نەغەدەدا و لەکاتێکدا کە چارەنووسی ناڕوونە، بە بێ مافی بەڕێوەچوونی دادگا و دەستڕاگەیشتن بە ئازادیی کاتی ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ محەممەد سۆهرابی پێشتر لە دوو دادگای ئینقلاب  و کەیفەریدا بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو، یەک ساڵ دوورخرانەوە و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کرابوو. بەم حاڵەوە ناوبراو جارێکی دیکە لە ڕێبەندانی ١٤٠٣دا دەسبەسەر کرا و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا بە بێ هیج پێڕاگەیشتنێکی یاسایی دادپەروەرانە، بە شێوەی کاتی دەسبەسەر کراوە.

بەرپرسانی دادوەری و ئەمنییەتی بە وەدواخستنی بەردەوامی کۆبوونەوەکانی دادگایی و "ئەمڕۆ و سبەی کردن"ی بەڕێوەبردنی دادگاکان، محەممەد سۆهرابییان لە دۆخێکی نادیاردا هێشتووەتەوە کە گوشاری دەروونیی بەردەوامیشی لەسەرە.

ئەم ڕەوتە نمونەیەکی بەرچاو و ئاشکرا لە پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافی ئازادیی کاتییە کە لە یاسا نێوخۆییەکانی ئێران و بەڵگە نێونەتەوەییەکان مافی مرۆڤدا هاتووە. بەردەوامیی ئەم دۆخی دەسبەسەرکرانە نەتەنیا پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەولەتییەکانی دەوڵەتی ئێرانە، بەڵکوو نیشانەی ڕەوتی سیستماتیکی سەرکوت و هەڵسوکەوتی تۆڵەئەستێنانە لەگەڵ دەسبەسەرکراوان و چالاکانی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە.

دەسبەسەرکرانی محەممەد سۆهرابی ١٤٠٣؛

محەممەد سۆهرابی ڕۆژی دووشەممە یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ناوبراو لە ڕەوتی شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکانی پیرانشاردا لە ماوەی زەمەنیی هەشت ڕۆژدا(لە ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٣‌ەوە هەتا ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٤) لەگەڵ ٩ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی سادق کوردی، کەیوان ئەساسە، جێگر موجاهێدی، فەرهاد پلە، هیوا شوجاعی، موراد ئوستوار، محەممەد سۆهرابی، ئەنوەر ئیبراهیمی و فەردین مەحموودی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزران.

١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ کوردپا ویرای بڵاوکردنەوەی هەواڵی درێژەکێشانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە ڕایگەیاند: ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە هەندێ لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان کردووە کە نابێ هیچ هەواڵێک لەبارەیانەوە بڵاو بکرێتەوە و تەنانەت ئەگەر ئازادیش کران نابێ هەواڵی ئازادکرانیان بڵاو بکرێتەوە. هەندێ لە بنەماڵەکان بۆ ئەم بابەتە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانیان لێ کراوە.

دەسبەسەرکران و سزادانی محەممەد سۆهرابی (۱۴۰۱)؛

محەممەد سۆهرابی لە ڕۆژی ٢١ی خەزەلوەری ١٤٠١دا و لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش دوو مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

بانەمەڕی ١٤٠٢م ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو و لێدانی ١٠ قامچی مەحکووم کرا کە دادگا بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزا داسەپاوەکان ئەم بڕیارەی بۆ پێبژاردنی دوو میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی گۆڕی.

هەروەها ئەم بەندکراوە سیاسییە، لە خەزەڵوەری ١٤٠٢دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو و یەک ساڵ دوورخرانەوە بۆ پارێزگای زەنجان مەحکووم کرا.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٢دا لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوە چوو و ئەم بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.