بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستی سێ بەندکراو لە بەندیخانەی ورمێ

23:05 - 10 گەلاوێژ 2725

سزای بڕینەوەی چوا قامکی دەستی ڕاستی سێ بەندکراو بە ناوەکانی "هادی ڕۆستەمی" کوڕی ناسر و لەدایکبووی ١٩ی بەفرانباری ١٣٦٥ خەڵکی پارێزگای ئیلام، "مێهدی شاهیوەند" کوڕی عەلی و لەدایکبووی یەکی خاکەلێوەی ١٣٥٧ و خەڵکی لوڕستان و "مێهدی شەرەفیان" کوڕی موحێبعەلی لەدایکبووی ١٣٦٢ و خەڵکی خوڕەماوا سەر بە پاریزگای لوڕستان لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ بەندکراوە شەوی چوارشەممە ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، بانگی نووسینگەی نیگابانی کراون و پاش لێدانی دەستبەند و پێبەند و بەستنی چاویان ڕەوانەی ژووری جێبەجێکردنی سزاکان کراون.

ئەم سەرچاوەیە وتی: سزای بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستی ئەم بەندکراوانە پاش لێدانی دەرزیی سڕکەر، بە کەڵکوەرگرتن لە گیووتین جێبەجێ کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سزای ئەم سێ بەندکراوە بە ئامادەبوونی پەیمان خانزادە، بەرپرسی بەندیخانەی ورمێ و سەعید نووری، جێگری دادستان جێبەجێ کراوە.

ئەم سێ بەندکراوە لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا لە ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە لقی ١ی دادگای یەکی سزاکانی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵانی ورمێ دادگایی کراون و بەپێی بڕگەی ٢٧٨ی یاسای سزای ئیسلامی بە هۆی "چوار جار دزیکردن بە بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاست لە بنەوە بە جۆرێک کە تەنیا قامکی گەورە و لەپی دەستیان بمێنێتەوە و بەپێی بڕگەی ٦٦٧ی هەمان یاسا بە گەڕاندنەوەی ماڵە دزراوەکە بۆ خاوەنەکەی" سزا درابوون. ئەم بڕیارە ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ بەم سێ بەندکراوە لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگەیەندرابوو.

ڕۆژی ٢١ی بانەمەڕی ١٣٩٩ بڕیاری بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستی ئەم سێ بەندکراوە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای وڵاتدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە و لە بەندیخانەی ورمێ بە هەرسێکیان ڕاگەیەندرایەوە.

بڕیاری بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستی ئەم سێ بەندکراوەی تۆمەتبار بە دزیکردن پاش پشتڕاستکرانەوە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای وڵات بۆ جێبەجێکران ڕادەستی نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ورمێ کرابوو.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، بڕیاری بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستی دوو برای بەندکراو بە ناوەکانی "مێهرداد تەیمووری و شەهاب تەیمووری" کوڕی حوسێن و خەڵكی سەرپێڵ و دانیشتووی مەلاردی کەرەج، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.