دێهلوڕان؛ کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی بە ١٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کرا

٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤؛ کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵكی دێهلوڕان و لە دەسبەسەرکرانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی دێهلوڕانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەسعوود قاسمی" بە تۆمەتی "بێڕێزی بە بەرپرسان و هێزەکان" و "بلاوکردنەوەی شتی ناراست لە تۆڕی کۆمەلایەتی" بە ١٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کرا.
بەپێی راپۆرتی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا و بەپێی زانیارییە نووسراوەکان لە دادنامەی دەرکراو لە ڕۆژی ٢٦ گەلاوێژی ١٤٠٤، کیانووش چراغی بەپێی داواکاری پێڕاگەیشتن دەرکراو لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری دێهلوڕان، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست دژی بەرپرسانی فەرمی لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە"(لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی) بە ١٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو و هەروەها بە تۆەمتی "بێڕێزی بە هێزی ئینتیزامی لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرک" بە لێدانی ٤٠ قامچیی داسەپاو مەحکووم کراوە. بڕیاری قامچییەکانی ناوبراو بڕیارە لە شوێنی جێبەجێکرانی سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری دێهلوڕان جێبەجێ بکرێ.
بڕیاری دەرکراو لە ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە کاتی دەرچوونی، لە دادگای پێداچوونەوەی ئیلامدا دەکرێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێ.
ئاخرین حاڵەتی دەسبەسەرکرانی کیانووش چراغی لە پێوەندی لەگەڵ نوێترین بڕیارە دەرکراوەکان؛
ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤، کیانووش چراغی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دێهلوڕان و لە بەندکراوانی سیاسیی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دووبارە و بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ئیلام ڕاگوێزرا. دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە تەنیا یەک مانگ پاش ئازادبوونی لە بەدنیخانەی ماپارەی ئیلام و گۆڕدرانی سزاکەی بۆ بەندکرانی هەڵپەسێرداو بووە.
کیانووش چراغی لە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ـەوە هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕاگواستنی بۆ گرتنگەی ئیلام، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە بڕیاری دەسبەسەرکرانی کاتیی یەک مانگە و ڕاگیرانی بە شێوەی ناڕوون و وەپاڵدانی تۆمەتی بێبنەما، مانی لە خواردن گرت و ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ هەواڵ گەیشت کە ناوبراو لە ئیمکاناتی دۆخێكی مرۆیی بێبەری کراوە و لە ژووری دابڕگە لەگەڵ ١٥ کەسی تۆمەتبار بە "کوشتن" ڕاگیراوە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.
کیانووش چراغی پێشتر لە ڕەزبەری ١٤٠٢دا بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و لە خەزەڵوەری هەمان ساڵدا، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" بە دوو ساڵ بەندکرانی دیکە و نووسینی ٢٠٠ لاپەڕە لێکۆڵینەوە وەکوو سزای تەواوکەر مەحکووم کرابوو. ناوبراو لە بانەمەڕی ١٤٠٣دا بە بڕیاری ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرابوو.
دۆسییەسازی و مەحکوومکرانی ئەکرەم سەبزی، هاوسەری کیانووش چراغی بە سزای نەختی و سزای هەڵپەسێردراو؛
لە ڕۆژی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا، ئەکرەم سەبزی، هاوسەری کیانووش چراغی کە پێشتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو (و ئەم سزایە دواتر بۆ ٨ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی و دواتر بۆ بەندکرانی داسەپاو گۆڕدرا)، بەڵگەیەکی بانگکرانی فەرمیی پێ گەیشتووە. لەم بەڵگەیەدا جەخت کراوەتەوە کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، سزا هەڵپەسێڕدراوەکە و سزا نەختییەکەی جێبەجێ دەکرێن. هەروەها لەم بەڵگەیەدا تۆمەتگەلێک دژی ناوبراو هاتوون لەوانە؛ "بێڕیزی بە هێزەکانی دەوڵەت لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرک" و "یارمەتیدانی تۆمەتبار بۆ هەڵهاتن" لە کاتێکدا کە هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی. لە درێژەدا ناوبراو بە پێبژاردنی دوو میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا و لە بەڵگەکەدا هاتووە کە ئەم بڕە پارەیە دەبێ لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ڕادەست بکرێ.