بەندیخانەی مەهاباد؛ بێبەریبوونی ئەشکان فەهیم، بەندکراوی سیاسیی کورد لە مافی مورەخەسیی دەرمانی

ئەشکان فەهیم، بەندکراوی سیاسیی کورد کە خەریکی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانەی مەهابادە، سەرەڕای تووشبوون بە چەندین نەخۆشی، لە مورەخەسیی دەرمانی بێبەری کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم بەندکراوە سیاسییەی خەڵکی مەهاباد تووشی نەخۆشیگەلێکی وەک نەخۆشیی دڵ، لاوازی بینین و سەرئێشەی توند بووە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: پزیشکی بەندیخانە کێشەی بینایی ئەشکان فەهیمی پشتڕاست کردووەتەوە و چەند جار بۆ ناردنی ناوبراو بۆ لای پزیشکی چاو لە دەرەوەی بەندیخانە نامەی نووسیوە، بەڵام ناوەندە بەرپرسەکان ئەم داواکارییەیان ڕەت کردووەتەوە.
ئەم چالاکە ئەدەبی و فەرهەنگییە کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی"، بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات و پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٤٥ مانگ بەندکران و دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری ئەراک سزا دراوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ئەشکان فەهیم لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا و دواتر ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، ٦٠ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپا هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەشکان فەهیم و خودی ئەشکان و ڕەزا ئەندیشەیان دەسبەسەر کرد. هێزەکانی سپا بە گەمارۆدانی کۆڵانی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەشکان و شکاندنی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەی، بە توندوتیژی و لێدانی ئەم دوو لاوە بە قونداغی چەک، لە کاتێکدا کە بریندار بوون و تووشی خوێنڕێژی ببوون، دەسبەسەریان کردن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لێدان و توندوتیژیی هێزەکانی سپا لە ئاستێکدا بووە کە ئەشکان فەهیم لەنێو پەتوودا ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپا لە ورمێ کراوە.
ڕەزا ئەندیشە، چالاکی مەدەنی ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی، ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.