کەرەج؛ ئەژدەر پیری، ڕۆژنامەوانی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانە کرا

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤، ئەژدەر پیری سارمانلوو، ڕۆژنامەوان و سەرنووسەری مانگنامەی نێونەتەوەیی "پژوهش ملل" بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە خەڵکی چاڵدێران و دانیشتووی کەرەجە و پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی کەرەج بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
ئەژدەر پیری سارمانلوو بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی کەرەج ڕاگوێزرا.
ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لەم گرتنگەیەدا لێپرسینەوەی لێ کراوە و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج کرا.
ئەژدەر پیری لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم ڕۆژنامەوانە لە بەفرانباری ١٤٠٣ لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی کەرەج بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و سزای تەواکەری دوو ساڵ بێبەریبوون لە چالاکی لە سۆشیاڵ میدیا مەحکووم کرا.