۱۰ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە بەرەبەری ۱۰ی ئۆکتۆبەر، ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، هۆشداریی داوە کە هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی لە ئێراندا تەنیا لە بوارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە سنووردار نابێتەوە، بەڵکوو دەتوانێت کاریگەری لەسەر پڕۆسەی دەسبەسەرکردن، لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و تەنانەت دەرکردنی سزای لەسێدارەدان دژی ئەندامانی کەمینەکان دابنێت. ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە کورد، بەلووچ، عەرەبی ئەهوازی، تورکی ئازەری و تورکمانەکان، لەپاڵ هەڵاواردنە زمانەوانی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیییەکاندا، لە پڕۆسە دادوەرییەکانیشدا ڕووبەڕووی کۆسپ و پێشێلکاریی دوو بەرابەر دەبنەوە.

بەوتەی مای ساتۆ، لەو دۆسییانەی کە دەگەنە لەسێدارەدان، کەمینە نەتەوەییەکان ڕووبەڕووی پێشێلکاریی جیددیی مافی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانە دەبنەوە، لەوانە دەستڕانەگەیشتنی بە وەرگێڕ، ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی خراپ بۆ وەرگرتنی دانپێدانان، دانپێدانانی زۆرەملێ و خستنەڕووی تۆمەتی ئەمنی بەبێ بەڵگەی باوەڕپێکراو؛ پێشێلکاریگەلێک کە دەتوانن ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پڕۆسەی بەدواداچوون و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان دابنێن. ناوبراو بە ئاماژەدان بە دۆسییەکانی «فەرهاد باران زێهی»، «حاتەم ئۆزدەمیر»، «یووسف ئەحمەدی»، «ڕەئووف شێخ مەعرووفی»، «محەممەد فەرەجی» و «موحسن ئیسلام خا»، جەختی لەسەر نیگەرانیی جیددی سەبارەت بە دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەو دۆسییانەدا کردووەتەوە کە پڕۆسەی بەدواداچوونیان لەگەڵ ئەم جۆرە پێشێلکارییانەدا بووە.

مای ساتۆ هەروەها ئاماژەی بە هەڵاواردن و پەراوێزخستنی کەمینە ئایینییەکان کردووە؛ بەهاییەکان ڕووبەڕووی بێبەشبوون لە خوێندنی باڵا و دامەزراندن لە کەرتی دەوڵەتیدا دەبنەوە و نوێ دینە مەسیحییەکانیش لە هەندێک ڕەوشدا وەک هەڕەشەی ئەمنی دەناسێندرێن. سونە مەزهەب و پەیڕەوانی ئایینی یارسان بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی سنووردارکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پلە و پێگە دەوڵەتییەکان دەبنەوە. بەوتەی ناوبراو، ئەم هەڵاواردنانەش دەبێت لەپاڵ هەڵاواردنە نەتەوەییەکاندا لە لێکۆڵینەوەی دۆسییە دادوەرییەکان و بەتایبەت ئەو دۆسییانەی کە دەکێشرێن بۆ سزای لەسێدارەدان لەبەرچاو بگیرێن. 

پەیامی مای ساتۆ لە بەرهەی ۱۰ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، ڕوونە؛ هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی، کاتێک لەگەڵ ئەشکەنجە، دانپێدانانی زۆرەملێ و پێشێلکردنی پێڕاگەیشتنی دادپەروەرانەدا کۆ دەبێتەوە، دەتوانێت چارەنووسی کەسانی کەمینە تا بەردەم سزای لەسێدارەدان دیاری بکات. لەم ڕووەوە، دۆسییەکانی لەسێدارەدانی ئەندامانی کەمینەکان دەبێت بە بەرزترین ئاستی چاودێری و وردبینیی مافی مرۆڤییەوە لێکۆڵینەوەیان بۆ بکریت و ئەو سزایانەی لە کەشێکی وەها پێشێلکارانەی مافەکاندا دەرچوون، نابی بگەنە قۆناغی جێبەجێکردن.

مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە بەرەبەری ۱۰ی ئۆکتۆبەر و لە ڕەوتی ژماردنی پێچەوانەی ۱۴ ڕۆژەی خۆیدا، بە فۆکۆسکردنە سەر ئەو دۆسییانەی لە مەترسیی لەسێدارەداندان و شێوازەکانی دادگاییکردنی نادادپەروەرانە، بەڵگەنامەکانی نامەگۆڕینەوەکانی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و پێشێلکردنی مافی تۆمەتباران بڵاو کردووەتەوە؛ نامەگۆڕینەوەگەلێک کە نیشان دەدەن وڵامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نیگەرانی و پرسیارە ئاراستەکراوەکان، لە هەندێک حاڵەتدا ناتەواو و ناڕوون بوون و لەگەڵ وڵامدنەدانەوەی ڕوون بۆ پرسیارە سەرەکییەکان سەبارەت بە پڕۆسەی دەرکردنی سزا و ڕەچاوکردنی مافی تۆمەتباراندا بووە.