٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی «مەتین ئیبراهیم ڕەسووڵی» و «ئەیووب حەمزە» دوای ٣٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتەی میلیاردی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، «مەتین ئیبراهیم ڕەسووڵی» و «ئەیووب حەمزە»، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، کە دوای مانگێک دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە گرتنگە ئەمنییەکان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترابوونەوە، بە ڕیز بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و نیوی و دوو میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پەیوەندیی تلفۆنیش تا کاتی گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە بێبەش کرابوون.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «ئەیووب حەمزە» و «مەتین ئیبراهیم ڕەسوولی»، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.





