۹ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ ڕۆژی ڕابردوو، کاسبکارێکی خەڵکی شاری «میراوێ» لە پارێزگای ورمێ بە ناوی «خالید شیر»، کە لە ڕێگەی ئاژەڵدارییەوە خەریکی کاسبی بووە، لە نزیک بەرزاییە سنوورییەکانی «گوێزێ» بە فیشەکی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکراوە و دوای گواستنەوەی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی چوارشەممە ۸ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «خالید شیر» (ناسراو بە خالید عەبدوڵڵا حاجی)، خەڵکی ئاوایی « ئاڵوەتان» سەر بە شاری «میراوێ» لە پارێزگای ورمێ، کە لە ڕێگەی ئاژەڵدارییەوە خەریکی کاسبکاری بووە، لە نزیک کوێستانە سنوورییەکانی «گوێزێ» لە دەشتی «وەزنێ» بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دوای گواستنەوەی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ، ڕۆژی پێنجشەممە ۹ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.
«خالید شیر» خێزاندار و خاوەنی منداڵ بووە.
تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و بۆ زێدی خۆی گوازراوەتەوە.
کوێستانەکانی «گوێزێ» لە بەرزاییەکانی شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێ هەڵکەوتوون. «میراوێ» کە ناوی پێشووی «وەزنێ» بوو، لە ساڵی ۱۴۰۱ لە شارستانی «سەردەشت» جیا بووەوە و وەک شارێکی سەربەخۆ ناسێندرا. وەزنێ لەنێو خەڵکی کوردی ئەم ناوچەیەدا بە دەشتی «وەزنێ» ناسراوە.





