۹ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، «ڕەسووڵ یووسفی ئازەر»، لاوی تەمەن ۲۳ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گوازرایەوە. ناوبراو پێشتر بۆ ماوەی ۴۰ ڕۆژ لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپادا بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو و دواتر بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» سزای ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاو بەسەردا سەپێندرابوو.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ «ڕەسووڵ یووسفی ئازەر»، لاوی تەمەن ۲۳ ساڵانی خەڵکی «مەهاباد»، ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاو دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گوازرایەوە. ئەم لاوە کوردە لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای ۶ مانگ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرابوو.
پێشتر کوردپا بڵاوی کردبووەوە کە «ڕەسووڵ یووسفی ئازەر»، لاوی تەمەن ۲۳ ساڵەی خەڵکی «مەهاباد»، ڕۆژی ۲۹ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، لەگەڵ «موحسین ئەحمەدی ئەقدەم» و «حەسەن یووسفی ئازەر»، لە خەڵکی ئاوایی «بەفرەوان»، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ لێکۆڵینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکان لە شوێنێکی نادیاردا گوازرانەوە.
«ڕەسووڵ یووسفی ئازەر» بۆ ماوەی ۴۰ ڕۆژ لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپای مەهاباد، لە شوێنێکی نادیاردا، دەستبەسەر و لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوو و دوای ۴۰ ڕۆژ بە دانانی دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» سزای ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی لە گرتنگە ئەمنییەکاندا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.





