کرماشان؛ مامۆستا ئایەت غوڵامی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

15:43 - 8 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی شەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٤، مامۆستا ئایەت غوڵامی، مامۆستای سوننە مەزهەب و پێشنوێژی پێشووی مزگەوتی "محەممەدەلموستەفا" لە کرماشان و مامۆستای قوتابخانەی زانستی دینی بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤، مامۆستا ئایەت غوڵامی، پاش بانگکران بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی لقی کرماشان و ئامادەبوون لە دادگا، بە هۆی بەرگری لە بیروڕای سوننە مەزهەب و بەرگری لە مامۆستایانی بەندکراو، دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣، ئەم مامۆستا ئایینییە پاش بانگکران بۆ حەراسەتی ناوەندی ڕۆحانییەتی کرماشان، بە بڕیاری ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە پێش بە پێشنوێژی و چالاکییەکانی لە مزگەوت گیرا.

ئەم مامۆستا ئایینیییە پێشتر چەندین جار بە هۆی پاڵپشتی نەکردن لە هەڵبژاردنەکانی حکوومەت، واژۆی بەیاننامەیەک بۆ مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی مامۆستا محەممەد خزرنژاد، دەسبەسەرکرانی مامۆستایان و پێشگرتن لە چالاکییەکانیان، ناڕەزایەتی بە کوشتنی کۆڵبەران و سووتەمەنیبەران، ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی حکوومەت و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لەسەر بنەمای مەزهەبی سوننە بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کرابوو.