جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پەیمان نادری و کەریم ئیسماعیلی لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس

00:36 - 27 خاکەلێوه 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی "پەیمان نادری" خەڵکی کرماشان و "کەریم ئیسماعیلی" خەڵکی شاری شاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەیمان نادری تەمەن ٢٨ ساڵ دوو ساڵ پیش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کرا و پاشان لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

ئەم سەرچاوەیە وتی: کەریم ئیسماعیلیش سێ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم دوو بەندکراوە کوردە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.