فایەق پیرموون، لاوی خەڵکی سایین قەڵا بە حەبی برینج کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، پیاوێکی لاو بە ناوی فایەق پیرموون، خەڵکی گوندی "قیزقوپی" و دانیشتووی سایین قەڵا، بە خواردنی حەبی برینج لە ماڵەکەی خۆیدا، کۆتایی بە ژیانی هێنا.
بە وتەی کەسانی ئاگادار، فایەق پیرموون کە تەمەنی نزیکەی ٤٠ ساڵ بووە، خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە. دەوترێت گوشاری ئابووری، کێشەی بنەماڵەیی و قەیرانی دەروونی لە هۆکارەکانی خۆکوژیی ناوبراو بووە.
ئەمە دووهەمین حاڵەتی خۆکوژی لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵە کە لە ناوچەی سایین قەڵا تۆمار کراوە. پێشتریش لە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا، ئەمین فەتاحی حەمزە قاسم، لاوی دیکەی خەڵكی گوندی حەمزە قاسم و باوکی دوو منداڵ، بە بڕینی دەماری دەست و خۆ هەڵواسین گیانی خۆی لەدەست دا.
بەرزبوونەوەی جێگای نیگەرانیی ئاماری خۆکوژی لە ئێران، بەتایبەت لە نێوان لاوان و توێژی کەمداهات، باس لە قەیرانی ئابووری، بێکاریی بەربڵاو، و نەبوونی پشتیوانیی ئابووریی کارا دەکات، ئەمانە پرسگەلێکن کە زۆربەی کارناسان هۆکارەکەی لە گەندەڵیی ساختاری و نەبوونی مودیرییەت و ناکارامەتیی ناوەندەکانی دەسەڵات دەزانن.