سەرکوتی نەورۆزی کوردستان؛ هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی" لە سەقز و دەسبەسەرکرانی شێخ زاهید شەهابی

01:34 - 5 خاکەلێوه 2725

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، هێزەکانی ئیتلاعاتی سەقز هێرشیان کردووەتە سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی" و بە توندوتیژییەوە شێخ زاهید شەهابییان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی" و هێزەکانی ئیتلاعاتی سەقز بێڕێزییان بە بنەماڵەی شێخ زاهید شەهابی کردووە.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: شێخ زاهید شەهابی پاش دەسبەسەرکران ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سەقز کراوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایل و هەندێ کەلوپەلی کەسیی شێخ زاهیددا گرتووە.

ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لە سەرەتای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی کێوی جاقل، شێخ زاهید شەهابی لە پەیامێکدا ڕوو لە خەڵک باسی لە نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ شەهیدان کرد و جەختی لەسەر یەکگرتوویی و ئازادیی ڕادەربڕین کردەوە و لەگەڵ بەشداربووان دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی وتەوە.

ئاگری ئەم رێوڕەسمە لەلایەن شێخ زاهید شەهابی، برای شەهید ئازاد شەهابییەوە هەڵ کرا.