کامێران؛ چوار هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

17:41 - 9 رەشەمه 2724

ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی"،"مووسا تابێعی"، "جەبار ئیبراهیمی" و "هێمن ئیبراهیمی" خەڵکی کامێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو؛ هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەها  دەستیان بە سەر موبایلی جەبار ئیبراهیمی و هاوژینەکەیدا، گرتووه و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی خەڵکی گوندی "لۆن سادات" و دانیشووی گوندی "تروەرێز"ی شاری کامێران، مووسا تابێعی خەڵکی گوندی "لۆنە‌کۆن" و دانیشتووی شاری کامێران، جەبار ئیبراهیمی کوڕی بارام خەڵکی گوندی "تەختی‌زەنگی" و دانیشتووی شاری کامێران، خێزاندار و خاوەنی سێ منداڵە و هەروەها هێمن ئیبراهیمی کوڕی سەعید خەڵکی گوندی "کۆرەدەرەڵ و دانیشتووی شاری کامێرانه.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی‌وەپاڵدراو دژی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

مامۆستا محەممەدمیرزا ڕەحمانی پاش لە سێدارەدانی حەیدەر قوربانی، زیندانیی سیاسیی کورد بەهۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی ئەو زیندانییە سیاسییە و ناڕەزایەتیی دەڕبڕین بە لە سێدارەدانی ناوبراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٣ حەوتوو دەسبەسەری بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی هەتا کۆتایی ماوەی قۆناغی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.

دواتر ئەو مامۆستا کوردە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی شاری کامێران، بە ٩١ ڕۆژ زیندانی بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەریی پێشوویان، مەحکووم کرابوو.