ڕاپۆرتێک لە دەسبەسەرکران و ئازادیی حەسەن خەلیلی، چالاکی مەدەنیی خەڵكی سەردەشت
18:11 - 9 رێبەندان 2724
ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، حەسەن خەلیلی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵی سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش دوو ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە مەدەنییە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: ئەم چالاکە ژینگەپارێزە پاش دوو ڕۆژ لێپرسینەوە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سەردەشت ئازاد کراوە.
حەسەن خەلیلی مامۆستای خانەنشینکراو و یەکێک لە دامەزرێنەرانی باشگای شاخەوانیی شاری سەردەشتە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.