گەلاوێژ محەممەدی ئەرشەد، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا
ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣، گەلاوێژ محەممەدی ئەرشەد، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا.
ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەجاد دووستی" بە چوار مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەرمانانی ١٤٠٣، گەلاوێژ محەممەدی ئەرشەد، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو.
ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣، گەلاوێژ محەممەدی ئەرشەد تەمەن ٤٥ ساڵ و کچی ئیبراهیم، بە بێ بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە گەڕەکی "باغی شایگان"ی مەهاباد دەسبەسەر کرا.