نەغەدە؛ هاووڵاتییەکی کورد بە ٢٩ مانگ بەندکران سزا درا
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد جۆخور (ئەمینی فەر)" خەڵکی گوندی "عەلیاوا"ی نەغەدە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەجاد دووستی" بە ٢٩ مانگ بەندکران سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم هاووڵاتییەی بە "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "پروپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی بەم هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و پاش بێریزیکردن بە ئەندامانی بنەماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کرد.
ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرابوو.
محەممەد جۆخور کوڕی فەتاح، لەدایکبووی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٦٣ە.