قەسری شیرین؛ هاووڵاتییەک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا

22:03 - 18 بەفرانبار 2724

شەوی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد عەزیزی" خەڵکی شاری قەسری شیرین بە تەقەی هێزەکانی یگانی تایبەت گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی یگانی تایبەت بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە هێرشیان کردووەتە سەر بازاڕچەی سنووریی پەرویزخان و دەسبەجێ تەقەیان لەم هاووڵاتییە کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: محەممەد عەزیزی بە هۆی پێکرانی سینگ و سکی بە فیشەکی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە حەفتەی ڕابردوو لەگەڵ هێزە حکوومەتییەکان دەرگیر بووە و هێزەکانی حکوومەت بۆ دەسبەسەرکردنی ناوبراو لەلایەن دادستانی قەسری شیرینەوە حوکمی تەقەیان پێ دراوە.

محەممەد عەزیزی لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٩ و سەڵت بووە.