مەهاباد؛ بە دەسبەسەرکرانی ژنێک، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی مەهاباد گەیشتە ١٤ کەس
٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣؛ بە دەسبەسەرکرانی ژنێکی کورد لە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی شاری مەهاباد گەیشتە ١٤ کەس.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣، "نازەنین ئێلیاسی" خەڵکی مەهاباد، پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی مەهاباد دەسبەسەر کراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "عەبدوڵڵا قوە" و "سالار شەمس بورهان" خەڵکی گوندی "کولیجە" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران کە هەواڵەکەیان ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەز لە لایەن کوردپاوە بڵاو کرایەوە.
کوردپا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣، سەرجەم ١١ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عوسمان (شوانە) جەهانی فەر"، "ئەیووب ڕەسووڵی"، "رێبوار ڕەسووڵی"، "سیامەند سەیدئەحمەدی"، "قادر خەرامان فەر"، "کەماڵ مەسعوودی"، "جەلال سەدەفی"، "یووسف قال"، "ئارام مەبزوولە"، "ڕەحمان دانا" و "زانیار سەیدئەحمەدی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران و دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، تاکوو ئێستا سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ئەم کەسانە، تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەموو ئەم هاووڵاتییانە بە بێ بەڵگەی یاسایی و دوای هێرشکردنە سەر ماڵەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کوردپا؛ ئەم کەسانە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراون. هەر لەم پێوەندییەدا "سیامەند سەیدئەحمەدی" خەڵکی گوندی "بەیرەم" سەر بە شاری مەهاباد پاش چەند کاتژمێر ئازاد کرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.